لەهەر وەرزێکدا کە کەش و هەوا دەگۆڕێت پێویستە بە شێوازی تایبەت گرنگی بە پێستمان بدەین، هەموومان دەزانین وەرزی پایز وەرزێکی ئێجگار جوان و ئەفسوناویە کە تێیدا کەش و ھەوا سارد و فێنک و هەندێ جاریش وشک دەبێت،بەڵام لەوانەیە بۆ پێست بە وەرزێکی باش دانەنرێت بەتایبەت بۆ هەندێک جۆری نەخۆشی پێست. بەڵام بە گرتنەبەری ھەندێک ڕێ و شوێنی تایبەت و خۆپارێزی دەتوانین چارەسەریان بکەین.
گرینگترین ئەو کێشانە بریتین لە :-
- وشک بونی پێست بەهۆی کەمبوونی ڕادەی شێ لە هەوادا کە دەبێتە ھۆی دروستبوونی توێشکی سپی لەسەر پێست وخوران و سووربوونەوە ی پێست.
- سەرهەڵدانەوەو خراپ بوونی ئێکزیما لەو کەسانەی ئێکزیمایان هەیە بە تایبەتی لە منداڵان.
- ئەو کەسانەی نەخۆشی گولیان هەیە بارودۆخییان خراپ دەبێت بەهۆی گۆرانی گەرمی و ساردی و زیاتر خواردنی کافایین لەم وەرزەدا.
- ئەوانەی ئێکزیمای چەوریان هەیە لەم وەرزەدا خراپتر دەبن و توشی توێشکی و سووربوونەوە دەبن لە ناو سەر و سەر برۆ و لای کەپوو و سینگیان.
- هەندێک نەخۆشی تر هەیە کە لە هاوین بەرەو باشی دەچن بە هۆی کاریگەری تیشکی خۆر لەوانەیە لەم وەرزەدا خراپتر بن ، بۆ نمونە نەخۆشی سەدەفییە.
چۆنیەتی خۆپارێزی و کەمکردنەوەی کاریگەری وەرزی پایز لەسەر پێستمان:-
- زۆر خواردنەوەی شلەمەنی: هەرچەندە ئەو گەرمایەی وەرزی هاوین نیە تاکو تینومان بێت باڵام هێشتا پێویستە ڕۆژانە ئاو زۆر بخورێتەوە.
- کرێمی شێداریی بەکاربهێنە: کرێـمێکی شێدارکەرەوەی خەست دەتوانێت زیندویەتی پێست باشتر و بۆ ماوەیەکی درێژتر بهێڵێتەوە.
- بەکارهێنانی دژەخۆر: تەنها لەبەر ئەوەی خۆر ڕاستەوخۆ لێمان نادات و لە وەرزی پایزدا کەمتر گەرمامان دەبێت مانای ئەوە نیە کە تیشکە سەروبنەوشەیەکان زیان بە پێستمان ناگەیەنن. تیشکە سەروبنەوشەییەکانی خۆر هۆکارن بۆ زۆر حاڵەتی نەخۆشی پێست و شێرپەنجەی پێست.
- بەکارهێنانی ماسکی ڕووەکی بۆ پێستی دەموچاو.
- کەمکردنەوەی ماوەی خۆ شوشتن و دوور کەوتنەوە لە بەکارھێنانی ئاوی گەرم و لیفکە.
ئامادەکردنی:- دەریا عبداللە ڕۆستەم.
dexterity medical organization