پڕۆسەیەکە بۆ دەستنیشانکردن و چارەسەرکردنی کێشەکانی جگەر و بۆرییەکانی زراو و پەنکریاس بەکاردێت،کە بەکارهێنانی هەردووک لە تیشکی سینی X-ray و هەناوبین پێکەوەدەبەستێتەوە، (هەناوبین ئامرازێکی درێژ و ناوبۆشی نەرم و نوشتۆکە)، لەلایەن پزیشکی پسپۆڕەوە لە ڕێگەی دەم و گەرووەوە دەنێردرێتە ناوەوە بۆ ناو سورێنچک و گەدە تا دەگاتە دوانزەگرێ (یەکەم بەشی ڕیخۆڵەباریکە)، پاشان لە ڕێگەیەوە بۆیەیەکی تایبەتمەند دەنێرێتە ناوەوە بۆ دەرخستنی جۆگەکان لەژێر تیشکی X ـدا.
هەناوبینی ERCP بۆ دۆزینەوەی ئەم حاڵەتانە بەکاردێت:
- بەردی زراو یاخود گیران و تەسکبوونەوەی بۆرییەکانی زراو و پەنکریاس (بەهۆی هەوکردنەکانەوە).
- دزەکردنی شلەی بۆرییەکانی زراو یاخود پەنکریاس (بەهۆی بەرکەوتن بە زەبرێک یاخود نەشتەرگەرییەوە).
- شێرپەنجە و گرێیەکان.
- هەروەها بەکاردێت بۆ فراوانکردنەوەی بۆرییە تەسکبووەوەکان یان دانانی قاڵبێک لەناو بۆرییە گیراوەکان لە پەنکریاس و زراودا.
- بەکاردێت بۆ دەرهێنانی بەردی زراو و هەر پاشماوەیەکی تێکشکاو لەناو زراودا.
ماکەکانی دوای ئەنجامدانی ERCP:
- هەوکردنی پەنکریاس (pancreatitis) یاخود هەوکردنی زراو (cholecystitis).
- دڕان یان برینداربوونی چینی ناوپۆشی ڕێڕەوەکە و خوێنبەربوون.
ERCP = Endoscopic retrograde cholangiopancreatography
ئامادەکردنی | ئاهەنگ صلاح
dexterity medical organization