سەرەتا ئەگەر پێناسەی پەستانی خوێن بکەین دەتوانین بڵێین کە پەستانی خوێن بریتییە لەو ھێزەی کە خوێن بەرامبەر دیواری لولەکانی خوێن بەکاریدێنێت کاتێک بەناویاندا تێپەڕدەبێت بۆ گەشتن بەشوێنی دیاریکراو.
بەڵام کاتێک خوێن بڕێکی زۆر ھێز دەخاتە سەر لولە خوێنەکان ئەوا زیان بەم لولانە دەگەیەنێت و حاڵەتیک دروستدەکات کە پێیدەگوترێت بەرزی پەستانی خوێن کە بە باوترین و یەکێک لە مەترسیدارترین نەخۆشی دڵ و لولەکانی خوێن دادەنرێت. بەشێوەیەکی گشتی پەستانی خوێنی زیاد لە(٨٠/١٣٠ )یاخود وەکو لەناو نەخۆشدا باوە(١٣ بە ٨ )بە نەخۆشی بەرزی پەستانی خوێن دیاریدەکرێت بەگوێرەی ڕێنماییەکانی کۆمەڵەی ئەمریکی دڵ.
نیشانەکانی بەرزی پەستانی خوێن چیین؟
یەکێک لە ھەرە مەترسیدارترین حاڵەتەکان دەربارەی بەرزی پەستانی خوێن ئەوەیە کە نیشانەکانی نەخۆشیەکە دەرناکەوێت لەو
کەسانەی کە پەستانی خوێنیان بەرزە.
کەواتە باشترین ڕێگا بۆئەوەی بزانیت پەستانی خوێنت بەرزە ئەوەیە کە لە دوای تەمەنی ١٨ ساڵی پشکنینی پەستانی خوێن
ئەنجامبدەیت لەلایەن کەسانی پسپۆر و شارەزا و ھەموو ٥ ساڵ جارێک لە حاڵەتی نەبوونی نەخۆشییەکەدا.
بەڵام لەو کاتانەی کە پەستانی خوێن بە ڕێژەیەکی بەرچاو بەرزدەبێتەوە کە دەکرێت حاڵەتی مەترسیدار و نەخوازراوی لێبکەوێتەوە
کۆمەڵیک نیشانە دەردەکەون وەکو:
- - سەرئێشەی توند.
- - لووت پژان.
- - ماندووێتی ، شڵەژان.
- - کێشەی بینین.
- - ئازاری سنگ.
- - گرانی ھەناسەدان.
- - ناڕێکی لێدانی دڵ.
- - بوونی خوێن لە میزدا.
ھۆکارەکانی توشبوون بە بەرزی پەستانی خوێن چین؟
بەشێوەیەکی گشتی نەخۆشی بەرزی پەستانی خوێن دەکرێت بە دوو جۆرەوە کە ھۆکارەکان بەگوێرەی جۆرە جیاوازەکان دەگۆڕێن، جۆرەکانیش بریتین لە:
- بەرزی پەستانی خوێنی سەرەتای: ئەم جۆرەیان ھۆکارێکی دیاریکراوی نییە و پێویستی بە چەندین ساڵ ھەیە بۆ ڕوودانی.
- بەرزی پەستانی خوێنی لاوەکی: ئەم جۆرەیان لەئەنجامی بوونی نەخۆشییەکی دیکەوە ڕوودەدات و لەناکاو دەردەکەوێت ، ئەو نەخۆشی و حاڵەتانەی ھۆکارن بۆ دروستبوونی بەرزی پەستانی خوێن بریتیین لە:
- - نەخۆشی گورچیلەکان.
- - نەخۆشییە زگماکییەکانی دڵ و لولەکانی خوێن.
- - بوونی کێشە لە ڕژێنی پەریزادە (غودە)
- - نیشانە لاوەکیەکان دەرمان.
- - بەکارھێنانی دەرمانە بێھۆشکەرەکان.
- - زیادەرەوی کردن لە خواردنەوە کھولییەکان.
- - بوونی کێشە لە ڕژێنەکانی سەر گورچیلە.
- - ھەندێک لە لووەکانی کوێرە ڕژێنەکان
کێن ئەو کەسانەی لەبەر مەترسی توشبووندان بە بەرزی پەستانی خوێن؟
- - زیادبوونی تەمەن.
- - بوونی ھەمان حاڵەت لە ئەندامانی خێزاندا.
- - کێشی زۆر.
- - ناچالاکی
- - جگەرە کێشان.
- - بوونی بڕێکی زۆری خوێ لە خۆراکدا.
- - بوونی بڕێکی کەمی پۆتاسیۆم لە خۆراکدا.
- - خواردنەوەی بڕێکی زۆری کھول.
- - فشاری دەروونی.
- - نەخۆشییەکانی گورچیلە
مەترسییەکانی بەرزی پەستانی خوێن چین؟
ئەگەر نەخۆشی بەرزی پەستانی خوێن بەشێوەیەکی گونجاو چارەسەر نەکرێت دەکرێت کۆمەڵێک حاڵەتی نەخوازراوی لێبکەوێتەوە وەکو:
- - جەڵتەی دڵ و مێشک. - لاوازبوونی (سستبوون) دڵ.
- - زیان گەشتن بە لوولە خوێنەکانی گورچیلەکان و لاوازبوونی گورچیلەکان.
- - زیان گەشتن بە لوولە خوێنەکانی چاوەکان و لەدەست دانی بینین.
- - خەڵەفان
چۆن نەخۆشی بەرزی پەستانی خوێن دیاریدەکرێت؟
لەبەر ئەوەی نەخۆشی بەرزی پەستانی خوێن تاکو نەگاتە حاڵەتێکی مەترسیدار نیشانەی نییە کەواتە گرنگە کە پێش ئەوەی حاڵەتی نەخوازراوی لێبکەوێتەوە دەستنیشان بکرێت ئەویش بە پێوانەکردنی لەڕێگەی ئامێری پێوانی پەستانی خوێن و بیستۆکی پزیشکی ) سەماعەی پزیشکی ( کە پشکنینێکی بێئازارەو چەند دەقەیەکی کەم دەخایەنێت.
لە حاڵەتی بەرزی پەستانی خوێندا پزیشک دەکرێت نەخۆش ڕاسپێرێت بۆ ئەنجامدانی کۆمەڵێک پشکنینی دیکە بۆ دڵنیابوون لە بوونی نەخۆشیەکە وەکو:
- - پشکنینی بەردەوامی پەستانی خوێن لەماوەی ٢٤ کاتژمێردا.
- - پشکنینە تاقیگەییەکانی وەکو پشکنینی میزو خوێن.
- - ھێڵکاری کارەبایی دڵ (ECG.)
- - ئیکۆ.
- - پشکنینی چاوەکان.
ئامادەکردنی: خەندە ئەنوەر
dexterity medical organization