*جەڵتەی دڵ ڕوودەدات لە ئەنجامی داخرانی ئەو لوولە خوێنانەی کە خوێن بۆ دڵ دەبەن ، و هۆکاری داخرانی ئەو لوولانەش دەگەڕێتەوە بۆ کەڵەکەبوونی چەورییە ماددەکان و کۆلیستڕۆڵ و چەند ماددەیەکی تر لە چینه ناوەوەی ئەو لوولە خوێنانە کە خوێن بۆ دڵ دەبەن ، و هەندێک جار دەبێتە هۆی گیرانی تەواوەتی لوولەکە و وا دەکات بەخشینی خوێن بۆ ئەو بەشەی دڵ بە تەواوی بوەستێت و ببێتە هۆی لەکار کەوتنی ئەو بەشەی دڵ ، شایەنی باسە جەڵتەی دڵ یەکێکە لە هۆکارە دیارەکانی مردن لە جیهان و ساڵانە زیاتر لە (6200000) شەش ملیۆن و دوو سەد هەزار کەس پێی دەمرن .
لە نیشانە هەرە دیارەکانی جەڵتەی دڵ :
- هەستکردن بە پەستان و هێزێکی زۆر لەسەر سینگ ، ئازاری سینگ و دەستەکان (دەکرێ ئازارەکە بگوازرێتەوە بۆ مل و پشتیش) .
- هێڵنج هاتنەوە و ڕشانەوە و زەحمەتی لە هەرسکردنی خۆراک و ژانە سکی توند .
- هەناسە تەنگ بوون .
- زوو ماندووبوون .
- سەرەسووڕەی لەناکاو .
شێوازی بەدیار کەوتنی نیشانەکان لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە جیاوازە دەکرێ نیشانەکان زۆر بە سووکی بە دیار بکەون لە کەسێک و دەشکرێ نیشانەکان زۆر بە توندی دەربکەون لە کەسێکی تر ، دەکرێ هەندێک کەس بەبێ دەرکەوتنی نیشانەکان توشی جەڵتەی دڵ ببن و دەشکرێ لە هەندێک کەس لەگەڵ دەرکەوتنی یەکەم نیشانە ببێتە هۆی وەستانی لەناکاوی دڵ ، هەندێک لە جەڵتەکان زۆر بە لەناکاوی ڕوودەدەن بەڵام زۆربەیان نیشانەکانیان بەر لە چەند کاتژمێرێک یان چەند ڕۆژێک بە تەواوی بە دەردەکەون ، دەکرێ کاریگەری نیشانەکان کەم بکرێتەوە بە وەرگرتنی پشووی درێژ و خۆ ماندوو نەکردن .
هەندێک لە هۆکارەکانی جەڵتەی دڵ :
- جگەرە کێشانی بەردەوام .
- بەرزی پەستانی خوێن .
- بەرزی ڕێژەی کۆلیسترۆڵ لە خوێن .
- قەڵەوی .
- بوونی نەخۆشی شەکرە .
- کەمی جووڵەی لەش .
- کێشانی ماددە هۆشبەرەکانی وەک (کۆکاین و ئەمفیتامینات) .
دەکرێ خۆمان بپارێزین لە جەڵتەی دڵ بە چەند ڕێگایەک ، لەوانە :
- دوور کەوە لە کێشی زیادە .
- پابەندبوون بە سیستەمی خۆراکی تەندروست .
- دوورکەوتنەوە لە جگەرە کێشان .
- ئەنجامدانی وەرزش بە شێوەیەکی ڕێکخراو .
- خۆت بە دوور بگرە لە هۆکارەکانی قەلەقی و سترێس .
- خۆت بە دوور بگرە لەو نەخۆشیانەی کە دەبنە هۆی جەڵتەی دڵ ، لەوانەش (بەرزی پەستانی خوێن ، بەرزی ڕێژەی کۆلیسترۆڵ ، نەخۆشی شەکرە) .
ئامادەکردن و وەرگێڕانی : ئەحمەد دڵدار غەفور
dexterity medical organization