زەردوویی بریتییە لە زەرد هەڵگەڕانی رەنگی پێست و سپێنەی چاو و بەشی ناوەوەی دەم لە ئەنجامی بەرزبوونەوەی ئاستی ماددەیەک کە پێی دەوترێت بیلیڕۆبین. بیلیڕۆبین لە ئەنجامی تێکشکانی خڕۆکە سوورەکانی خوێنەوە بەرهەم دێت و لە جگەردا دەگۆڕدرێت بۆ ماددەیەک کە بە ئاسانی لە رێگەی میز و پیساییەوە فڕێ دەدرێتە دەرەوەی لەش.
جۆرەکانی زەردوویی
- زەردوویی فیسیۆلۆجی ( نەخۆشی نییە) ؛ لە دووەم یان سێیەم رۆژی تەمەنی منداڵەکە دەردەکەوێت، لە هەموو جۆرەکانی دیکە زۆرترە، لە ئەنجامی باش پێنەگەیشتنی جگەری منداڵی تازە لەدایکبوو دەردەکەوێت، وە هەروەها هۆکارێکی دەکەی پەیوەندی بە تەمەنی خڕۆکە سوورەکانی منداڵی تازە لە دایک بووەوە هەیە کە زووتر تێکدەشکێن و ماددەی بیلیڕۆبین بەرهەم دەهێنن. لە دوای هەفتەی یەکەمی تەمەنەوە نامێنێت لە ئەنجامی پێگەیشتنی جگەرەوە، بۆیە زۆربەی زۆربەیان پێویستیان بە چارەسەر نابێت.
- زەردوویی بەهۆی نەگونجانی گرووپی خوێنی دایک و منداڵەکە؛ زۆرجار لە رۆژی یەکەمی تەمەنی منداڵەکەوە زەردوویی دەردەکەوێت و پێویستیان بە چارەسەر دەبێت.
- زەردوویی بە هۆی شیری مەمکی دایکەوە؛ شیری هەندێک دایک ماددەیەکی تێدایە کە دەبێتە هۆی تەمبەڵبونی جگەر و بەهۆیەوە زەردوویی لە هەفتەی دووەمی تەمەنیەوە دەردەکەوێت و هەندێکجار تاکو تەمەنی ۱۰ هەفتە بەردەوامدەبێت، زۆرکەم پێویست بە چارەسەر دەکات، تکایە پێویست بە وەستانی شیری دایک ناکات.
- زەردوویی بەهۆی کەم پێدانی شیر بە تایبەت لە هەفتەی یەکەمی تەمەندا، ئەمەش دەبێتە هۆی ووشک بوونەوە و کەم دەردانی ماددەی بیلیڕۆبین بۆ دەرەوەی لەش لە رێگەی پیساییەوە، بەهۆیەوە زەردوویی درووستدەبێت.
- ئەگەر کێشەیەک لە ئەنزیمەکانی یان پەردەی دەوری خڕۆکە سوورەکانی خوێن هەبوو، ئەوا دەبێتەهۆی شیبوونەوەی خڕۆکە سوورەکان و کۆبونەوەی ماددەی بیلیڕۆبین و دەرکەوتنی زەردوویی.
هەندێک نیشانەی مەترسیدار لە کاتی زەردوویی منداڵی تازە لە دایک بوو:
- زەردوویی لە ماوەی 24 کاژێری یەکەمی تەمەنی.
- ئەگەر زەردووییەکە بە خێرایی زیادی کردوو تۆختر بوو لەگەڵ کاتدا.
- ئەگەر منداڵەکە تای هەبوو.
- ئەگەر منداڵەکە نەخۆش دیار بوو.
- ئەگەر منداڵەکە شیر خواردنی باش نەبوو.
- ئەگەر منداڵەکە هۆشی باش نەبوو یان
هەستت کرد زۆرتر خەواڵوو دیارە.
{ههر تهندروستبن}
ئامادهكردنی : مهڵۆ عاید علی
dexterity medical organization