زۆربەمان ئەو حاڵەتەمان بینیوە یان بیستومانە کە وتویانە فڵان کەس توانای قسەکردنی نەماوە یان لەدەستی داوە یان قسە دەکات بەڵام بە تێکەڵ و پێکەڵی، ئیتر هۆکارەکانی دەشێت کارەسات یان ڕووداوێک بەسەریدا هاتبێت یان هەر هۆکارێکی تر بێت... بەڵام ئەو پرسیارەی گرنگە ئەوەیە ئایا چۆن قسەکردنی لەدەست دەدات؟ بە هۆکاری چی؟
بەهۆی بەرکەوتنی زیان و زەبر بەسەر چەند ناوچەیەکی مێشکدا بەتایبەت دوو ناوچەی تایبەتی مێشک کە بەرپرسن لە تێگەیشتن و بەرهەمهێنانی قسەکردن. جۆری زۆرە بەڵام بەگشتی دابەش دەبێت بۆ دوو حاڵەتی سەرەکی:
یەکەم: (Perceptive & Wernicke's Aphasia)
ناوچەیەکمان هەیە لە مێشکدا پێی دەڵێن (Wernicke) کە بەناوی ئەو زانای دۆزیویەتیەوە ناونراوە.. ئەم بەشە بەرپرسە لە تێگەیشتن لە نوسین و قسەکردن، بەڵام کە زیانی بەردەکەوێت کەسەکە لەگەڵ ئەوەی توانای بیستنی تەواوە و کێشەی نیە بەڵام لە قسەکان و نوسینەکانت تێناگا، ئەکرێت بۆ هەمیشە لەگەڵیدا بمێنێتەوە، بەڵام زۆربەی حاڵەتەکان کاتییە و دوای ماوەیەک نامێنێت.
دووەم: (Expressive & Broca's aphasia)
ناوچەی (broca) بەناوی پزیشکی فەرەنسی (Paul broca) ناونراوە و بەرپرسە لە بەرهەمهێنانی قسەکردن. ئەگەر زیان بەر ئەم بەشەی مێشکی کەسێک بکەوێت ئەوا توانایقسەکردنی نامێنێت، واتە بە پێچەوانەی حاڵەتی یەکەمەوە لە قسەکان و نوسینەکان تێدەگات یان پرسیارێکی لێبکە لێت تێدەگات و وەڵامیشی بۆ ئامادەکردووی بەڵام کە دەیەوێت قسە بکات ئەوا ناتوانێت دەریبڕێت بەشێوەیەکی ڕێک و دروست، یان تێکەڵ و پێکەڵ قسە دەکات و لێی تێناگەیت، لەکاتێکدا دەنگەژێیەکان و زمانیشی کێشەیان نیە!
ئامادەکردنی:دانیار عثمان عزیز
dexterity medical organization