نەخۆشی دەروونی چییە؟
نەخۆشی دەروونی : بریتیە لە هەر ناتەواویەك كە لە مێشكدا ڕوودەدات، حاڵەتێكی تەندرووستییە كە تێیدا گۆڕان لە هەست، بیركردنەوە، ڕەفتارکردن (یاخوود هەرسێکیان پێكەوە) ڕوودەدات. نەخۆشی دەروونی پەیوەندی بە سترێس یان ئەو كێشانەوە هەیە كە لەناو كۆمەڵگا و خێزانەكان یان لە شوێنی کارکردندا ڕوودەدەن.زۆربەی ئەو كەسانەی كە نەخۆشەی دەروونیان هەیە نایانەوێت قسەی لەبارەوەبكەن، بەڵام نەخۆشی دەروونی شتێك نییە كە شەرم بكەیت لێی، چوونكە ئەمیش هەر نەخۆشییە ،وە نەخۆشییە دەروونیەكان چارەسەریان هەیە و هەموو كەسێك دەكرێت دووچاری نەخۆشی دەروونی ببێتەوە بەبێ جیاوازی .
نەخۆشییە دەروونیەكان جەندین جۆریان هەیە بۆ نمونە (قەلەقی ،وەسواسی ،خەمۆکی ،شیزۆفرینیا ،خەڵەفان ،وەهم ……هتد ) و بەچەند شێۆازێك كار لە ژیانی ڕۆژانەمان دەكەن، هەندێك جار تووشی فۆبیامان (ترسانێكی زۆر)مان دەكەن، بەڵام هەندێك جار هێندە مەترسیدارن كە پێویستدەكات كەسەكە ببرێتە نەخۆشخانە. بۆیە کاتێ کەسێ دەستنیشان دەکرێیت بە نەخۆشی دەروونی دەبێ بزانرێ توشی کام جۆرە لە نەخۆشیە دەرونیەکان بووە. چونکە هەریەکەیان نیشانەو چارەسەری تایبەت بە خۆی هەیە ، نیشانەکان دەگونجێ دەرونی بن یان جەستەیی واتا هەندێ جار نەخۆشیە دەرونیەکان بە نیشانە جەستەییەکان دەردەکەون .
لە نەخۆشی دەرونیدا دەبێ نیشانەکان ببنە هۆی ئەوەی کەسەکە لەکار بخەن ،لەکارخستنەکەش دوو جۆری هەیە؛
- لەکارخستنی کۆمەڵایەتی:واتا ناهێڵێت لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە نەخۆشەکە پەیوەندیەکانی بهێڵینەوە
- لەکارخستنی پیشەیی :کە نەخۆشەکە ناتوانێت کارو پیشەکەی بە باشی یان بە پێی پێویست ئەنجام بدات
ناتوانین بڵێین کە کەسەکە نەخۆشی دەروونی هەیە لە کاتی هەبوونی یەکێ لە نیشانەکان بەڵکوو دەبێ ئەو نیشانانە ببنە هۆی بێزار کردنی کەسەکە و هەستیان پێ بکرێت .
بە داخەوە، هەرچەندە نەخۆشییە دەروونییەکان زۆربەی زۆریان بە ئاسانی چاک دەبنەوە لای پزیشکی دەروونی، بەڵام لە وڵاتی ئێمە هەندێکیان دەبن بە قوربانی خێزانێکی نەفام کە پێیان عەیبە بیبەن بۆلای دکتۆر یان لە پزیشکەکە تووڕە دەبن کە راستییەکەیان پێدەڵێت. یان لە ڕابردوودا ھۆی نەخۆشییە دەروونییەکانیان بۆ شەیتان و ھێزە ژوورسروشتییەکان دەگەڕاندەوە. بۆ چارەسەری نەخۆشی دەروونی جەستەی نەخۆشیان دەخستە ژێر ئازار و لێدان و برسییەتی زۆرەوە تا جێ بە شەیتان لەق بکەن و لە دەروونی نەخۆشەکەی ڕاوە بنێن.
چۆن تووش دەبین بە نەخۆشی دەروونی:
1- بۆماوە: گەر کەسێک هەڵگری جینێک بیت لە کەس و کاریەوە کە نەخۆشییەکی دەروونیان هەبێت ئەوا ئەگەری ئەویش زیاد دەکات بۆ تووش بوون بە نەخۆشییە دەروونییەکان. بەڵام مەرج نییە تووشیش بێت.
2- رەفتار و فیکر: هەر لە منداڵییەوە گەر کەسەکە بە رەفتارێکی تەندرووست بەخێو نەکرابێت یان بیرۆکەی هەڵەی بۆ دروست بووبێت ئەوا لە تەمەنی لاوی و دواتردا لێیدەبێت بە نەخۆشی دەروونی.
3- کۆمەڵایەتی و دەورەبەر: تێکچوون یان ناڕێکی پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکان یەکێکن لە هەرە بەهێزترین هۆکارەکانی تووشبوون بە نەخۆشی دەروونی.
کاتێک ئەندامێکی خێزان یان کەسێکی نزیک نیشانەکانی نەخۆشی دەروونی لێ دەردەکەوێت، دەتوانرێت لەلایەن هاوڕێ و خێزانی نەخۆشەکەوە یارمەتی پێشکەش بکرێت بە چەند ڕێگایەک، هەروەک ئەمانەی خوارەوە:
- یەکەم: سەرەتا دەبێت قسەی لەگەڵ بکرێت بۆ ئەوەی بزانرێت کە کەسی توشبوو هەستی بە حاڵەتەکەی کردووە، یاخود باوەڕی وایە کە گرفتێکی دەروونی هەیە و پێویستی بە یارمەتیە؟ ئەگەر درکی بەوە کردبێت، دەتوانرێت هانبدرێت بۆ زوو وەرگرتنی چارەسەری پێویست، بە پێچەوانەوە دەبێت هەوڵبدرێت حاڵەتەکەی بۆ ڕوونبکرێتەوە، و باس لەو گۆڕانانە بکرێت کە لە خودی کەسەکە و کاریگەرییەکانی دەرکەوتووە، بۆ ئەوەی بیری لێبکاتەوە هەنگاو بەرەو زاڵبوون بەسەر حاڵەتەکە بنێت. بەڵام زۆرجار لە هەندێ نەخۆشی دەروونی وەک؛ پەشێوی کەسێتی گوماناوی، شیزۆفرینیا، و پەشێوی دووجەمسەری کەسی توشبوو درک بە نەخۆشیەکەی ناکات و بە هەموو شێوەیەک نکۆڵی لێ دەکات، و هەموو ڕونکردنەوەیەکیش لەوبارەیەوە ڕەتدەکاتەوە. لەم حاڵەتەدا، زیاتر پێویستیان بە چارەسەر بە دەرمان هەیە، تا باری دەروونییان جێگیر بکاتەوە و توانای درک پێکردنیان بۆ بگەڕێتەوە.
- دووەم: هەوڵدان بۆ ڕێگریکردن لە گۆشەگیربوونی کەسی توشبوو پێویستە خێزان و هاوڕێکانی هەوڵبدەن چەند هەنگاوێک بنێن وەک: بانگهێشتکردنی بۆ خواردن، گەڕان، و چالاکیەکانی ڕۆژانە، بەمەش تاک هەستدەکات کە گرنگی پێدەدرێت و بە تەنها نییە، و هەروەها سەرقاڵبوونی وادەکات زۆر بیرنەکاتەوە و بیرە ئاڵۆز و نەخوازراوەکان کەمتر بێنە مێشکی و ناڕەحەتی بکەن.
- سێیەم: توشبوون بە نەخۆشیە دەرونییەکان لە دەسەڵاتی کەسەکە نیە، لەبەرئەوە سەرزەنشتکردنی تاکی توشبوو لەسەر قسە و هەڵسوکەوتەکانی وەک ئەوەی بە مەبەست بیکات، و خۆی ئەو بارودۆخەی بەسەر خۆی هێنا بێت، گرفتەکەی ناڕەحەتتر دەکات، بەڵکو دەبێت لەبری سەرزەنشتکردن ڕێگاکانی خۆگونجاندن و زاڵبوون بەسەر ناڕەحەتیەکەی پێبوترێت.
- چوارەم: فێرکردن و هاندان لەسەر ڕێگاکانی خۆگونجاندن، وەک:
- وەرزش کردن: کاتێک وەرزشێکی ڕێک و بەردەوام دەکرێت، لەشی مرۆڤ ماددەیەکی کیمیایی دەردەدات کە پێی دەوترێت (ئیندۆرفین) و ئەم ماددەیەش دوو کاریگەری لەسەر مرۆڤ هەیە، ئەوانیش؛ کەمکردنەوەی ئازار و باشکردنی مەزاج. لەبەر ئەم هۆکارانەشە ئەوانەی کە وەرزشەوانن دەرونێکی ئارامتر و جەستەیەکی تەندروستریان هەیە.
- نووستنی ڕێک: زۆرێک لەو کەسانەی کە دووچاری نەخۆشی دەروونی دەبن، خەویان تێکدەچێت، و تێکچونی سوڕی خەویش کاریگەری خراپ لەسەر مەزاج و سەرنجی کەسەکە دروست دەکات. لەبەرئەوە، هاندانی کەسەکە بۆ پابەندبوون بە بنەما تەندروستەکانی نوستن وەک؛ زوو نووستن و زوو هەستان، نەخواردنەوەی چاو و قاوە لە پێش نووستن، ژوری تاریک و فێنک، و دورکەوتنەوە لە خواردن لە پێش نووستن، خواردنی تەندروست و پێویست.
هاندانی نەخۆش بۆ وەرگرتنی چارەسەر: ئەگەرچی بەشێک لە تووشبوان بە گرفت و نەخۆشی دەروونی خۆیان بە دوای چارەسەر دەگەڕێن و هەوڵی وەرگرتنی چارەسەر دەدەن، بەڵام هەندێک نەخۆشی تر وەرگرتنی چارەسەر ڕەتدەکەنەوە، کە ئەم کۆمەڵەیە بۆ دووبەش دابەش دەبن:
کۆمەڵەی یەکەمیان ئەوکەسانەن کە خۆیان دەزانن حاڵەتێکی دەرونییان هەیە و گرفتی زۆری بۆ دروست کردون، بەڵام وەرگرتنی چارەسەر ڕەتدەکەنەوە لەبەر چەند هۆکارێکی وەک؛ باوەڕنەبوون بە چارەسەرەکان، ترس لە ئالودەبوون بە دەرمانەکان، ترس لە زیانی لاوەکی دەرمانەکان، لایەنی ماددی و یان ڕێگری کەس و کار.
کۆمەڵەی دووەمیان ئەوکەسانەن کە درک بەوەناکەن کە نەخۆشی دەرونییان هەیە، کە ئەم کۆمەڵەیان نەخۆشیەکەیان بەرەو دۆخێکی توندتر دەڕوات بە بەردەوامی بەهۆی پشتگوێخستنی حاڵەتەکانیان، و بەمەش کاریگەری خراپ لەسەر لایەنی دەروون، فرمان و پەیوەندی کۆمەڵایەتی بەجێدەهێڵن. لەم دۆخەدا، دەبێت هەوڵبدرێت لە ڕێگەی نزیکترین و متمانەپێکراوترینی کەسی نەخۆشەکەوە باوەڕی پێبهێنرێت بە وەرگرتنی چارەسەر، یاخود لەلایەن پزیشک و توێژەری دەروونی ئەگەر ڕێگەی یەکەم سەرکەوتوو نەبوو. بەڵام لە هەندێ کاتدا وەک ئەوەی نەخۆشیەکە زۆر توند بێت و مەترسی لە سەر ژیانی نەخۆشەکە و یان کەسی تر هەبێت، دەبێت لەئەگەری ڕازی نەبوونی نەخۆشەکەش بە وەرگرتنی چارەسەر، هێز بەکاربهێنرێت بۆ ڕزگاربوونی ژیانی نەخۆشەکە یاخود هەرکەسێک کە ژیانی لە مەترسیدا بێت.
سەرقاڵبوون بە هیوایەتەکان: هاندانی نەخۆش بۆ سەرقاڵبوون بەو هیوایەتانەی کە خۆی پێی خۆشە وەک؛ خوێندنەوە، مەلەکردن، ڕاوەماسی، شاخەوانی،…..هتد.
گرنگیدان بە پەیوەندی کۆمەڵایەتی: گرنگیدان بە پەیوەندی کۆمەڵایەتی وادەکات نەخۆش زیاتر سەرقاڵ بێت و هەست بە ئاسودەیی بکات و کەمتر بیری نەخوازراو بێتە مێشکی، و هەروەها ئەگەری وەرگرتنی یارمەتی و دڵنیاکردنەوە زیاتر دەبێت.
دورکەوتنەوە لە ڕێگا زیانبەخشەکان وەک : دوورکەوتنەوە لە بەکارهێنانی جگەرە، پەنابردنە بەر حەپی خەو بێ ڕێنمایی پزیشک، خواردنەوەی کحولی، و یان بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان.
ئامادەکردنی : تاڤگە عمر قادر
dexterity medical organization