بەرەو تەواوبوونی ساڵی خوێندن دەڕۆیشت ،هەستم بەلاوزبوونی بیناییم دەکرد ،دەوروبەرەکەشم بەردەوام ئامۆژگاریمیان دەکرد و دەیانوت پشتگوێی مەخە و بچۆ بۆلای پزیشک ،منیش وەک کچێکی ئاقڵ بە قسەیانم کرد و ڕۆیشتم بۆ لای پزیشک . پێمی وت : ئیسگماتیزمت هەیە پێویستە چاویلکە لە چاو بکەی و زۆر ئەزیەتی چاوت نەدەی . منیش هەرگیز ئەم ناوەم نەبیستبوو (تەبعەن ئەمەی باسی ئەکەم نزیکی 5 ساڵ لەمەوبەرە )بۆیە لە پزیشکەکەم پرسی . ناهەقی ناگرم بۆمی ڕوونکردەوە بەڵام هیچی لێتێنەگەیشتم چونکە لە ڕستەیەک کە دەیوت گەر ڕستەکە لە دە وشە پێکبهاتبا 8 ی ئینگلیزی و 2ی کوردی بوو و زۆر بە قووڵی شیکردەوە
هەرچۆنێکبێت ، گەڕامە ماڵەوە زۆر ترسابووم لە نەخۆشیەکە خۆم کەوتمە گەڕان لە گوگڵ و بە تەرجومە و خوێندنەوەی گۆڤارە پزیشکیە وەرگێردراوەکان ،ئیتر هەرچۆنێک بێت خۆم خۆمم تێگەیاند
ئینجا بۆئەوەی ئێوەش توشی ئەم مەوقیفەی من نەبنەوە ،ئەم بابەتە بخوێننەوە ؛
ئەستگماتیزم بە زمانی شیرینی کوردی واتە : ڵێڵبینی : جۆرێکە لە هەڵەی شکانەوە بەهۆی ناهاوسەنگی خولانەوەی لە هێزی شکانەوەی چاودا. ئەمەش دەبێتە هۆی شێواندنی یان کاڵبوونەوەی بینین لە هەر دوورییەکدا(پەرش بینین).
هەندێک لە خوێنەران:هیچ تێنەگەیشتین .
وەڵا هەقی خۆتانە منیش تێنەگەیشتم بەڕێزان بۆئەوەی لەم بابەتە تێبگەین پێویستە هەندێک زانیاری سادەمان لەسەر پێکهاتەکانی چاو هەبێ .
کۆرنیا (پارچە ڕوونەکەی پێشەوەی بیلبیلەی چاو ) لە باری ئاسایدا شێوەکەی بە نزیکەیی بازنەییە (وەک ئەم تۆپە:)بۆیە کاتێک ڕوناکی دەچێتە چاوەوە بەیەکسانی دەشکێتەوە و دەبێتە هۆی بینینی شتەکان بە ڕوونی بەڵام ئەو کەسانەی کە لێڵبینیان هەیە شێوەی کۆرنیاکەیان هێلکەییە (وەک ئەم تۆپە وایە:)کە ئەمەش دەبێتە هۆی شکانەوەی ڕووناکی بە چەند ئاڕاستەیەک و لەئەنجامدا بینینی شتەکان بە لێڵی .
لێڵبینی زۆر زۆر بڵاوە ،خۆشبەختانە بە نەخۆشی دانانرێ و تەنها بارێکی بیناییە بەڵام پلەکەی لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگۆڕێ و دەکرێ چارەسەر بکرێت بە بەکارهێنانی چاویلکە -هاوێنەی لکاو-لەیزەک
هۆکارەکانی ڕودانی لێڵبینی:هۆکاری سەرەکی ڕوودانی نەزانراوە بەڵام بۆماوە ڕۆڵێکی گەورە دەبینێ .
نیشانەکانی :لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە دەگۆڕێت هەندێکیان لەوانەیە هیچ نیشانەیەکیان نەبێت و هەنێکی تریشیان لەوانەیە هەموو نیشانەکانیان هەبێ ،نیشانەکانیش:-
- بینینی کاڵ یان شێواوی لە هەموو دوورییەکان
- سەرئێشە
- چاوتروکاندن بۆ ئەوەی بە ڕوونی ببینێ
- پەستانی خستنە سەر چاو بە تایبەت کاتێک چاو دەبێت بۆ ماوەیەکی زۆر فۆکەس بکات
- سەختی بینین یان لێخوڕینی ئۆتۆمبێل لە شەودا
ئەم نیشانانە تایبەت نین تەنها بە لێڵبینی بەڵکو چەندین نەخۆشی دیکەش هەن ئەم نیشانانەیان هەیە ،
منداڵانیش هەستناکەن بەبوونی نیشانەکان (ئەگەر هەیانبێ )هەربۆیە لە هەردووبارەکەدا سەردانیکردنی پسپۆڕی بوارەکە باشترین بڕیارە ..
تەندورستـی جـوانییە
بـاشترین تەندروستـیش ..بـاشترین جـوانییە
ئامـادەکردنی:سـێنک نەوزاد
dexterity medical organization