کچ و کوڕێکی گەنج هاوسەرگرییان کردبوو، لە شەوی بووکێنیدا خوێن نەبینرابوو!
سووکایەتییەکی زۆری پێکرابوو لەلایەن ماڵی زاواوە و ئەشکەنجەش درابوو.
بوکەکە هێنرا بۆ پشکنین لە پزیشکیی دادوەری، دەرکەوت هیچ کێشەیەکی نییە و تەنانەت لەو جۆرە پەردانەش نییە کە ناهێڵن خوێنهاتن ڕووبدات، پەردەیەکی تەواو ئاسایی بوو.
دواتر زاوا نێردرا بۆ پشکنین لەلای پسپۆڕی میز و میزەڕۆ و دەرکەوت گرفتی هەیە لە ئەندامی زاووزێ و توانای سێکسی نییە.
گرفتی زاوا شاردرایەوە و کەس پێێ نەزانی، بۆیە کێشەکە ڕوویکردەوە چارەنووسی بووکەکە، نێردرایەوە ماڵی باوان، ئەوانیش بۆ ڕووسپیکردنەوەیان لەناو کۆمەڵگەی دواکەوتوودا، کچەکەیان کوشت!
لێرەدا کچەکە بووە قوربانیی باوەڕی هەلەی کۆمەڵگە.
دەبێ بزانن، پەردەی کچێنی لەرووی زانستییەوە بەهای نییە وبە یەکێک لە پاشماوە زیادەکان لە جەستەی مرۆڤدا دادەنرێت.
لەڕووی ئایینیشیەوە بەهای نییە و لە بەدواداجوونم بە هاوکاری مامۆستایانی ئایینی و زانایانی ئیسلامی بۆم دەرکەوتووە ئایین هیچ بەهایەکی بۆ دانەناوە و لە تێکستە ئایینییەکاندا هیچ گرنگییەکی پێ نەدراوە.
ئەم پەردەیە لە بەشێک لە کچاندا بەشێوەیەکە خوێنی لێ نایەت، لەو کجانەشدا کە لە جۆرە ئاساییەکەیە، لەوانەیە بە وەرزشێکی قورس یان زەبرێکی توند بدڕێت و لە ئاییندەدا لە پرۆسەی جووتبووندا خوێنی لێنەیەت، هەروەک دەرکەوتنی خوێنیش مانای ئەوە نییە کەسەکە جۆری دیکەی سێکسی نادروستی نەکردبێت!
بۆیە ئەم پەردەیە ئاماژەیەکی تەواو نییە بۆ پاکیزەیی و گرنگە کۆمەڵگە هۆشیاربکرێتەوە کە پاکیزەیی مرۆڤ بە بیری باش و کردەوەی باشیەتی لە کۆمەڵگەدا، نەک هەبوون و نەبوونی پەردە.
د. دیلمان ئازاد خۆشناو
dexterity medical organization