(هامستەر یەکێکە لەو ئاژەڵانەی لە ئێستادا خواستێکی زۆری لەسەرە بۆ بەخێوکردن)
هامستەر یەکێکە لە ئاژەڵە قرتێنەرەکان . کە 19 جۆری هەیە، بەناوبانگترین جۆرەکانی هامستەری زێڕی و هامستەری سوریە.
قەبارەی هامستەرەکان بە پێی جۆرەکانیان دەگۆڕێت،. هامستەری ئەوروپی 35سم دەبێت، وە هامستەری قەزەم (کورتەباڵا) 5-10 سم دەبێت.وە هامستەری سوری کە زۆرترین خواستی لەسەرە بۆ بەخێوکردن 15سم دەبێت. هامستەرەکان لە ژیانی سروشتیاندا چاڵ لەژێر زەوی دروست دەکەن ، هەر لەو چاڵەشدا بەچکەکانیان دەبێت، بۆئەوەی لە گەرما و دڕندە پارێزراو بێت. وە زیاتر لە شەو و بەرەبەیاندا چالاکن و لە ماوەی ڕۆژدا خەوتوون. وە لەسەر خواردنی تۆو و دانەوێڵە و گەنمەشامی و کاڵەک و گێزەر و هەندێک لە میوەکان دەژین.وە دوو گیرفانیان لە ڕومەتەکانیاندا هەیە کە خواردنی تێدا هەڵدەگرن و دەیشارنەوە بۆ کاتێک کە برسیان بوو دەیخۆن.
لەکاتێکدا هەندێک لە ئاژەڵەکان پێویستیان بە هاوڕێ هەیە ، هامستەرەکان بە تەنها دڵخۆشترن .
ماوەی سکپڕیەکەیان بەشێوەیەکی گشتی لەنێوان 16 بۆ 22 ڕۆژدایە، بەڵام بەپێی جۆرەکەی دەگۆڕێت بۆنمونە ماوەی سکپڕی هامستەری سوری 16-17 ڕۆژە.
تەمەنی هامستەرەکان لەنێوان 1 بۆ 2 ساڵە ئەگەر بەباشی خزمەتبکرێ لەوانەیە بگاتە 3 ساڵ.
ئەگەر قەفەسی هامستەر زۆر بچوک بێت دەبێتە هۆی دروستبونی کێشە لە هەڵسوکەوتی هامستەرەکەدا ، لەوانە گازگرتن، میزکردنی لەڕادە بەدەر ، گازگرتن لە قەفەزەکە ئەمەش زیان بە ددانەکانی دەگەیەنێت. هامستەرە گەورەکان پێویستە قەفەزەکانیان زیاتر لە 800 ئینج چوارگۆشە بێت ، وە هامستەری قەزەم پێویستە بەلایەنیکەم قەفەزەکانیان 640 ئینج چوارگۆشە بێت. قوڵی قەفەزەکە دەبێت لەنێوان 8 بۆ 12 ئینج ببێت .هامستەرەکان بە شێوەیەکی سروشتی میز دەکەن و لە شوێنێکی دیاریکراودا کۆ دەبێیەوە ، وە دەبێت ئەو ناوچەیە هەفتانە پاک بکرێتەوە و دەبێت قەفەزەکەش شەش مانگ جارێک بگۆڕدرێت.
جیاوازی هامستەرەکان لەگەڵ مشک و جرجەکان:
هەرسێکیان ئاژەڵی قرتێنەرن. وە لەو ئاژەڵانەن کە بەدرێژایی ڕۆژ خەوتون و لە شەواندا چالاک دەبن. وە هەمان جۆری خواردن دەخۆن ، تەنها ڕێژەکەی بەپێی قەبارەکانیان جیاوازە. وە لەو ئاژەڵانەن کە بیناییان لاوازە و بەئاسانی ناتوانن دووریەکان و بەرزیەکان ببینن. وە ددانەکانیان هەرگیز لە گەشە ناوەستن. لەگەڵ هەموو ئەو لێکچونانەشدا هەندێک جیاوازی هەیە لە نێوانیان.
لەوانە هامستەرەکان کلکێکی کورتتر و لاشەی گەورەتریان هەیە بەبەراورد بە مشک و جرجەکان. وە هامستەرەکان دوو گیرفانیان هەیە لە ڕومەتەکانیان کە جرج و مشکەکان نیانە. جرج و مشکەکان ئاژەڵی کۆمەڵایەتین ، بەڵام هامستەرەکان حەزیان لە تەنهاییە.
ئامادەکردنی:
تاڤگە زوبێر حمد
dexterity medical organization