قەستەرەی دڵ بریتیە لە زنجیرە هەنگاوێک لەسەر دڵ ، ئەویش بەهۆی بەکارهێنانی تیشکی سینی X- Ray بۆ بینینی موولوولەی خوێنی دڵ و ناوپۆشی دڵ . زۆرترین قەستەرەی دڵ بریتیە لە ڕەنگکردن و نیشاندانی بۆڕیەکانی خوێنی دڵ بۆ زانینی تەسکبوونەوە یان مەیینی خوێن.
بەهۆی قەستەوە دەتوانرێ لە هەمان کات چارەسەری تەسکبوونەوەکەش بکرێ بەهۆی باڵۆن و دانانی شەبەکە.
جگەلەوانە قەستەرەی دڵ بۆ دەستنیشانکردنی کێشەی سەمامەکانی دڵ و کونی نێوان ژوورەکانی دڵ یان کێشەی زگماکی دڵ بەکاردێ.
ئەو تەلوینەی دڵیش بەهۆی بەکارهێنانی بۆیەیەکی تایبەتە . تەلوینی بۆڕیەکانی دڵ بەهۆی قەستەرە لۆ ئەو کەسانە دەکرێت کە توشی سنگ هێشە دەبن و هێلکاری دڵ نیشانی دەدات کە تەسک بوونەوە یان گیرانی خوێن لە بۆڕیەکانی دڵی هەیە ، یاخود کەسەکە سنگ هێشەی توندی هەیە لەگەڵ ژانە مل و قۆڵ کەچی فەحسەکانی یەکلاکەرەوەنین کە کێشەی دڵی هەیە یان نیەتی ، کەسێک بە تەمەن بێ و عەمەلیاتی سەمامی دڵی بۆ بکرێت پێش وەختە دەبێ قەستەرەی دڵی بۆ بکرێ ، کەسێک کێشەی زگماکی لە دڵی هەبێ یان کەسێک لە فەحسی جوهد و ماندی کردنی دڵ بە ترێدمیل بەدیارکەوت هێلکاری دڵی پێمان دەڵێ کێشەی بۆڕیەکانی دڵی هەیە. کەسێک کێشەی بۆڕی دڵی هەبووە بەڵام ئیستا لەناکاو سنگ ئێشەی تووند و بتردەوامی هەیە.
بۆ ئەو حاڵەتانەی سەرەوە قەستەرەی دڵ ئەنجام دەدرێت و هەر حاڵەتێک بەگوێرەی خۆی ڕێگاچارەسەری بۆ دادەنرێ.
قەستەرەی دڵ وەک هەر پڕۆسیجەرێکی تر مەترسی خۆی هەیە وەک ماکەکان لە کاتی ئەنجامدان و دوای ئەنجامدانی بەڵام زۆر باو نیە کە ڕۆژانە ڕووبدەن ، لەو ماکانە وەک جەڵتەی مێشک ، تێکچوونی ئیشی گورچیلە بەهۆی ئەو سبغەی بەکاردێ بۆ ڕەنگ کردنی بۆڕیەکانی خوێن ، هەروەها خوێنبەربوون لە شوێنی دانانی کانیولەی قەستەرەکە دوای دەرهێنانی کانیولەکە ، هەستیاری نەخۆش بە مادەی سبغەکە ، بریندارکردنی دیواری بۆڕی خوێنبەر ، هەروەها ڕەنگە ببێتە هۆی ناڕێکی لێدانی دڵ ، هەندێکجار جەڵتەی دڵ دروست دەکات ئەگەر دیواری بۆڕی دەورەی دڵ بریندار بکات یان دڕاندنی دیواری بۆڕی خوێنبەر.
بۆ خۆئامادەکردن بۆ ئەنجامدانی قەستەرەی دڵ پێویستە نەخۆش شەوی پێش قەستەرەکە نان نەخوات ، بەیانیەکەش هیچ نەخوات تەنها ئەو حەبانەی هەیەتی بۆ زەخت و دڵ بیانخوات ، ئەو نەخۆشانەی سوکەریان هەیە پێویستە پشکنینی سوکەری بۆ بکرێت پزیشک بڕیاردەدات انسولینی لێ بدرێ یان حەبی سوکەری بخوا .
دوای ئەوەی قەستەرەکە ئەنجام درا نەخۆش لە نەخۆشخانە دەمێنێتەوە تاکوو چاودێری ڕەوشی گشتی و گورچیلە و شوێنی کانیولەی قەستەرەکە بکرێت کە دوای ڕاکێشانی کانیولە چەند سەعاتێک پێویستە نەخۆش کەمترین جوڵە بکات بۆ ئەوەی نەزیف نەبێ.
ئەوە کورتەیەک بوو لەسەر قەستەرەی دڵ ، هەر ساغ و سەلامەت بمێنن.
ئامادەکـردنـی/ لینـا غفـور محـمد
dexterity medical organization